هونەرمەندی ناسراوی کورد ئیبراهیم قادری ماڵاوایی لە ژیان کرد
- Komala Swiss
- Nov 23, 2024
- 1 min read
هونەرمەندی ناسراوی کورد ئیبراهیم قادری ماڵاوایی لە ژیانکرد
بە پێی ڕاپۆرتێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە گەیشتووە، دوانیوەڕۆی دوێنێ سێ شەممه ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی هونەرمەندی بە ناوبانگی کورد، مامۆستا "ئیبراهیم قادری" بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیەکی ورمێ لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیانکرد.
مامۆستا ئیبراهیم بلیمەتی مووسیقای کوردی و هەروەها یەکێک لە هونەرمەندانی پێشەنگی بەیت و حەیران ٦ی گوڵانی ١٣١٣ی هەتاوی لە ئاوایی عیساکەند سەربه شاری مەهاباد لە نێو بنەماڵەیەکی هونەردۆست لە دایک بوو.
ئیبراهیم قادری لەگەڵ هونەرمەنده گەورەکانی کورد وەک، مامۆستا حەسەن زیرەک، محەمەد ماملێ و مەلاحسێن دەستی بە گۆرانی وتن کردووە و ئێستا خاوەنی سەدان پارچه مووسیقای کوردییه و هەروەها نزیکەی ٧٠٠ ئاواز و هونراوەی لە مامۆستایانی دیکەی مووسیقی کوردی بە شێوازی خۆی وتووەتەوە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی قادری و کۆمەڵگای هونەپەروەری کوردستان و بەتایبەتی خەڵکی شاری مەهاباد ئەکەین.
یاد و ناوی هەرمان.





Comments